سەفین دزەیی: داواکارین پەکەکە و حزبه‌كانی ڕۆژهەڵات بیانوو نەدەنە دەست ئێران و تورکیا

سەفین دزەیی: داواکارین پەکەکە و حزبه‌كانی ڕۆژهەڵات بیانوو نەدەنە دەست ئێران و تورکیا.

گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پرێس کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا داوا لە پەکەکە و حزبەکانی ڕۆژهەڵات دەکات کارێک نەکەن بیانوو بدەنە دەست وڵاتانی تورکیا و ئێران بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان.
.
سەفین دزەیی، لە پرێسکۆنفرانسێکدا بۆ مێدیاکان، رایگەیاند: “ئێمە وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامین لە کارەکانمان، بەردوامیش دەبین داواشمان لە ئەمریکا کردووە بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییانی کەرکووک و ناوچەکانی هەماهەنگی سێ لایەنە دروست بکەن و بیپارێزن”.
ئاماژەی بە ناوچە سنووریه‌كانی باشووری كوردستان له‌گه‌ڵ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران دا و گوتی، هەوڵمان داوە ئاوادانیان بکەینەوە، بەڵام بەهۆی بوونی پەکەکە و حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەو ناوچانە و بوونی ململانێ نەتوانراوە وەک پێویست کاریان بۆ بکەین.
داواشی لەو لایەنانە کرد، بیانوو مەدەنە دەست ئەو وڵاتانە، تا هەرێمی کوردستان نەکەنە ئامانج و گوتیشی: “هەرچەندە ئەوە نابێتە پاساو تاکوو ئەو وڵاتانە دەستدرێژی بکەنە سەر هەرێم، چونکە لەڕێی گفتوگۆوە دەتوانن کێشەکانیان چارەسەر بکەن، نەک بە توندوتیژی”.
گوتەبێژی حکوومەت، لەمەڕ نائارامی و بوونی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئاشکرای کرد، کە داوایان لە ئەمەریکا کردووە، بۆ پاراستنی ئاساییشی ئەو ناوچانە، بە هەماهەنگی هەرسێ لایەنی حکوومەتی هەرێم و بەغدا و ئەمەریکا بێت.
سەفین دزەیی گوتیشی: “تا ئێستا کار بەو بابەتە نەکراوە، لە کاتێکدا ئێمە دەزانین ڕۆژانە هاووڵاتیانی کورد بە دەست پاشماوەکانی داعشەوە تووشی کارەسات دەبنەوە”.
ئەو گوتانەی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێک دایە کە ڕۆژی شەممە ٢٠١٨/٠٩/١٣ سوپای پاسداران بە مووشەک هێرشی کردە سەر بارەگاکانی هەردوو لایەنی حزبی دیموکرات (حدکا و حدک) لە کۆیە و بەو هۆیەوە 16 کادر و پێشمەرگە شەهید بوون و 40 کەسی دیکەش بریندار بوون.

Comments