دوای ماوەیەکی کەم لە بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، سوپای
ئیسرائیل بنکەیەکی سەربازیی ئێرانی لە باشووری دیمەشقی پایتەختی سووریا
بۆردومان دەکات.
شەوی سێشەممە ٠٨/٠٥/٢٠١٨، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا لە
رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک کشایەوە و رایگەیاند، سزای
زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، کە هەستیان بە ”چالاکییەکی
نائاسای“ی هێزە ئێرانییەکان لە سووریا کردووە، بۆیە فەرمانی بە حکوومەتە
خۆجێییەکان کردووە ئامادەکاریی بکات بۆ دابینکردنی حەشارگە بۆ هاووڵاتییانی
مەدەنی.
دوای نزیکەی دوو سەعات لە بڕیارەکەی ترەمپ، میدیا سوورییەکان
بڵاویان کردووەتەوە، کە ئیسرائیل ناوچەی کەسوەی لە باشووری دیمەشق لە نزیک
بەرزاییەکانی جۆلان، بۆردومان کردووە و چەند تەقینەوەیەک لە ناوچەکە
روویان داوە.
میدیای رژێمی سووریا ئاماژەی بەوە کردووە، کە سیستەمی بەرگریی رژێمەکە توانیویەتی دوو مووشەکی ئیسرائیلی بخاتە خوارەوە.
بەهۆی ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکاوە، کە کاریگەریی راستەوخۆی
لەسەر کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ جیهان دەبێت، نرخی نەوتی
گەیشتە ئاستێکی پێوانەیی، کە لە سێ ساڵی رابردوودا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە
بووە ٧٥دۆلار و ٧٦ سەنت.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای
نیسانی ٢٠١٥لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنەکە
ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر
ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی
ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین)
و ئەڵمانیا پێک دێت.

No comments:
Post a Comment