شه‌ڕی واشنتۆن له‌گه‌ڵ تاران سه‌ره‌تا پێویستی به روخاندنی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی عێراقه.
گۆڤاری “ناشناڵ ئینترێست”ـی ئه‌مه‌ریكی راپۆرتێكی له‌باره‌ی ئه‌گه‌ره‌كانی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ ئێران بڵاوكرده‌وه و تێیدا دووپاتیكرده‌وه، ئێران چه‌ند بژارده‌یه‌كی له‌به‌رده‌سته بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر هێرشێكی پێشبینیكراوی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر دامه‌زراوه ئه‌تۆمییه‌كانی، له‌وباره‌یه‌وه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، له‌وانه‌یه دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ پلانه‌كه‌ی جۆرج بۆش، سه‌رۆكی پێشووتری وڵاته‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه و، بڕیاری هێرشكردنه سه‌ر تاران بدات، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ی واشنتۆن بتوانێت له‌و هێرشه‌دا زاڵ بێت، پێویسته سه‌ره‌تا له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵگیرساندنی جه‌نگ له‌ناو عێراق، هه‌وڵ بۆ گۆڕینی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی به‌غدا بدات.
به‌گویره‌ی ئه‌و گۆڤاره ئه‌مه‌ریكییه، “ئێران ده‌توانێت له عێراق و ئه‌فغانستان له‌ڕێگه‌ی جه‌نگی به‌وه‌كاله‌ت و هاوكاری هاوپه‌یمانه‌كانی فشار بخاته سه‌ر ئه‌مه‌ریكا، ئه‌مه‌ش به ئه‌نجامدانی هێرش بۆ سه‌ر بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به به‌كارهێنانی مووشه‌كه بالیستییه‌كانی له ناوچه‌كه”.
چاوه‌ڕێش ده‌كرێت دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له ١٢ی ئه‌م مانگه هه‌ڵوێستی واشنتۆن له‌باره‌ی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ئێران رابگه‌یه‌نێت، كه له‌لایه‌ن ئیداره‌ی پێشووی ئه‌مه‌ریكاوه واژووی له‌سه‌ر كراوه و، ئاماژه‌كانیش زیاتر به‌لای كشانه‌وه‌ی واشنتۆنه له‌و رێككه‌وتنه، ئه‌گه‌ره‌كانی شه‌ڕی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێرانیش زیاتر بوونه.
گۆڤاره‌كه نووسیویه‌تی: “تره‌مپ ئاماده‌كاری بۆ كشانه‌وه له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران ده‌كات”، هه‌وره‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، “واشنتۆن هه‌وڵ بۆ گۆڕینی سیسته‌می ده‌سه‌ڵات له تاران ده‌دات و ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دایه، ئێران ده‌ستی له‌پشت هه‌موو ئاڵۆزییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ناوچه‌كه هه‌یه”.
له به‌شێكی دیكه‌ی ئه‌و راپۆرته‌دا هاتووه، “كۆده‌نگییه‌ك له ئارادایه، بۆئه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تێكی سه‌ربازی دژ به ئێران ئه‌نجام بدرێت، به‌مه‌به‌ستی گۆڕینی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی كۆماری ئیسلامی، به‌ڵام ده‌كرێت ئه‌و هه‌وڵانه له‌كاتێكی نزیك یاخۆد دواتر ببنه هۆی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگێكی گه‌وره”.
له راپۆرته‌كه‌دا هاتووه: “ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی بۆ گۆڕینی سیسته‌می ده‌سه‌ڵات له وڵاتێكی دیكه، له‌كۆتاییدا ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌ر جه‌نگه و هیچیتر”، باسی ئه‌وه‌شی كردووه، “كاتێك تره‌مپ ویستی پلانێكی هاوشێوه‌ی پلانه‌كه‌ی جۆرج بۆشی كوڕ له عێراق، له دژی تاران جێبه‌جێ بكات و بڕیاری گۆڕینی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایی له كۆماری ئیسلامی ئێرانی‌دا، ئه‌وا جه‌نگ ده‌بێته بژارده‌یه‌كی حه‌تمی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته”.
ئه‌و گۆڤاره ئه‌مه‌ریكییه ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه، “هێرشكردنه سه‌ر ئێران له‌وانه‌یه ببێت به ئامرازێك به‌ده‌ست واشنتۆنه‌وه بۆئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تاران بڕوخێنێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌مه‌ریكا رووبه‌ڕووی چه‌ندین ته‌حه‌دیاتی گه‌وره ده‌بێته‌وه”، هه‌روه‌ها نووسیویه‌تی، “ئه‌مه‌ریكا پێویستی به هێزێكی زۆر زه‌به‌لاحی سه‌ربازی ده‌بێت، بۆئه‌وه‌ی بتوانێت حكوومه‌تی تاران بڕوخێنێت”.
هه‌روه‌ها جه‌ختی كردۆته‌وه، “ئه‌و هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازییه سه‌ره‌تا پێویستی به گۆڕینی ده‌سه‌ڵاتی به‌غدایه، بۆئه‌وه‌ی واشنتۆن بتوانێت ئه‌و هێزه زه‌به‌لاحه سه‌ربازییه له‌ناو خاكی عێراق كۆ بكاته‌وه، كه بۆ رووخاندنی حكوومه‌تی تاران پێویسته، به‌ر له‌وه‌ی هێرشی سه‌ر ئێران بكات”.
بڕیاره له ١٢ی ئه‌م مانگه، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دوا هه‌ڵوێستی واشنتۆن له‌باره‌ی كشانه‌وه و مانه‌وه‌ی له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی رابگه‌یه‌نێت، دوایین ئاماژه‌كانیش جه‌خت ده‌كه‌نه‌وه، كه دوا بڕیاری تره‌مپ له‌مباره‌یه‌وه، كشانه‌وه‌یه له‌و رێككه‌وتنه، هه‌رچه‌نده هاوپه‌یمانانی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌وروپا چه‌ندین جار داوایان له تره‌مپ كردووه، له‌جیاتی كشانه‌وه پێداگیری له‌سه‌ر بژارده‌ی هه‌مواركردنه‌وه‌ی رێككه‌وتنه‌كه بكات، به‌ڵام تره‌مپ به به‌رده‌وامی ره‌تی كردۆته‌وه، ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی واشنتۆنیش ئه‌گه‌ره‌كانی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی نێوان تاران و واشنتۆنی زیاتر كردووه.
کوردستان٢٤

No comments:
Post a Comment