بەشی دوازدەیەمی کۆمەڵناسی؛ جۆرەکانی ڕفتارکردن:

ڕەفتاری تاکە کەس لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی دیکە دەگۆڕێت بە پێی سرووشت.
ڕەفتاری تاکە کەس لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی دیکە دەگۆڕێت بە پێی سرووشت و گرنگیەتی ڕۆڵەکانی کۆمەڵایەتی و ئەوانەی لە گەڵ ڕۆڵی کردارەکە کار لە یەک دەکەن دەگۆڕێت. ڕەفتاری منداڵ سەبارەت بە قسە و جووڵانەوەی بەرامبەر بە منداڵێکی دیکەوە جیاوازە لەو ڕەفتارکردنەی کە لەگەڵ دایک و باوکی دەیکات.هەروەها ڕەفتاری قوتابییەک لەگەڵ قوتابییەکی دیکە هەمان ئەو ڕەفتارە نییە کە لەگەڵ مامۆستاکەی پەیڕەوی دەکات. کەواتە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی پایبەندە بە سرووشتی ئەو ڕۆڵانەی کە وەک فەرمانبەرێک دەیگێڕێت. دەتوانین لە میان ڕۆڵی کارەکەی تاکە کەسەوە پێشوەخت پێشبینی ڕەفتارەکەی بکەین. بۆ نموونە پێشوەخت دەتوانین ڕەفتاری پزیشک و ڕەفتاری نەخۆش و ڕەفتاری جەنگاوەر جا سەربازی بێت یان ئەفسەر لەمیان ڕۆڵیانەوە پێشبینی بکەین.
هۆیەکانی پاڵنەر بۆ ڕەفتارکردن:
بە تێگەیشتین و شیکردنەوە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی هۆکاری پاڵنەر بۆ ڕەفتارکردن و شێوازە سەرەکیەکان تێدەگەین، لەوانەیە ڕەفتاری کۆمەڵایەتی سۆز یان تووڕەیی یان خۆڕسک بێت وەک خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکانی و لە باوەش گرتنی، یانیش هۆیەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دابونەریتی کۆمەڵایەتی و ڕێوەرەسمییەکانی ژن هێنان یان بەڕێکردنی تەرمی مردوو ناشتنی یان ئەو رێوڕەسمییانەی لە بۆنە نیشتیمانی و ئایینیەکاندا پەیڕەو دەکرێت.
هەندێ جار هۆیەکانی ڕەفتار دەگەڕێتەوە بۆ ژیری و هۆشیاری تێڕوانین و هەستی ژیریەتی وەک ڕەفتاری ئەو قوتابییەی کە دەیەوێ لە ڕێگای خوێندن و هەڵدانەوە، بە سەرکەوتنی لە تاقیکردنەوەکاندا بڕوانامەی زانستی بەدەست بێنێ، بگاتە پلە و پیشەیەکی پایەدار لە نێو کۆمەڵگادا.

No comments:

Post a Comment