دوو کەس لە جاشەکانی شەڕی "مێونێ" بەخاک سپێردران

دوو کەس لە کوژراوەکانی رۆژی رابردووی تێکهەڵچوونە چەکدارییەکەی گوندی "مێونێ"ی رەبەت، ئەمڕۆ  لە شوێنی لەدایکبوونیان بەخاک سپێردران.
دوو کەس لە جاشەکانی ناوچەی رەبەت کە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە "پیشمرگان مسلمان کرد" ناویان دەبا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە سەردەشتەوە بەرەو شوێنی لەدایکبوونیان واتە گوندەکانی "باوێ"و "مەلا شێخ" بۆ بەخاکسپاردنیان بەڕێ کرانەوە.
کوژراوەکان کە بۆ بەخاکسپاردنیان رەوانەی گوندەکانیان کراونەوە، بریتین لە "رەحمان ئیبراهیمی‌" و "محەممەد ئەبووبەکری" کە رۆژی رابردوو لە تێکهەڵچوونە چەکدارییەکەی گوندی "مێونێ"ی سەربە شارۆچکەی "رەبەت" رۆژهەڵاتی کوردستان هاوڕێ لەگەڵ چەند جاش‌و پاسداری دیکە دەکەونە بۆسەی گرووپێکی چەکدارو لە تەقەو لێکدانێکی بیست خولەکیدا کوژران.
"محەممەد ئەبووبەکری" ناسراو بە "محەممەدی مەلا وسووی باوێ" بە یەکێک لەو کەسانە دادەنرێ کە لە ٢٣ی گەلاوێژی ١٣٨٧ی هەتاوی لەگەڵ کۆمەڵێک لە جاشەکانی ناوچەی سەردەشت لە کردەوەیەکی چەکدارییدا "هەمزە سارتکەیی" یەکێك لە فەرماندە نیزامییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌و دوو کەس لە هاوڕێیانی شەهید دەکەن‌و بڵاوکردنەوەی فیلمی دوای شەهیدکردنی "هەمزە سارتکەیی"و هاورێیانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان‌و بێ‌ڕێزی بەرامبەریان، رق‌و کینەیەکی زۆری لای خەڵک‌و ناسیاوان‌و دانیشتوانی ناوچەکە دروست کرد، هەرچەند تا ئێستا هیچ لایەنێکی کوردیی دژبەری کۆماری ئیسلامی خۆی لەو شەڕە بە خاوەن نەکردووە، بەڵام دەکرێ کوشتنی "محەممەدی مەلا وسووی باوەێ"، وەک تۆڵەیەکی "هەمزە سارتکەیی" و هاوڕێیانی بێتە ئەژمار.

رۆژهەڵات تایمز

تعليقات