شوێنی نیشتەجێی مرۆڤی نیان دەرتاڵ'
ئەم ئەشکەوتە کە لە باکووری ڕۆژئاوای کێوەکانی زاگرۆس، لە باشووری کوردستان ھەڵکەوتووە، خاوەن کۆمەلێک ئاسەواری کۆنینەناسی زۆر پاڕاو لەچاخی کۆنی بەردی ناوەندی ھەتا دواییەکانی نوێ بەردیە. ئەم ئەشکەوتە دەکەوێتە قەزای مێرگەسۆر و سەر بە پارێزگای ھەولێرە. ٢٢٠٠ پێ بەرزە لە ئاستی ڕووی زەریاوە، دەکەوێتە سەر بەرزایی لووتکەی چیای برادۆست و مێژووی ئەم ئەشکەوتە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی بەردینی کۆن بۆ ٨٠٠٠٠ ساڵ بەر لە زایین و بە کۆنترین و گەورەترین ئەشکەوت دادەنرێت لە عێراقدا. لە بەرزایی (١٨ م) و درێژایی (٤٠ م) و پانایی (٢٧ م) کە فراوان دەبێت بۆ ناوەوە تا دەگاتە نزیکایی (٦٠ م). لەساڵی ١٩٥١ تا ١٩٦١ ھەڵکۆڵینی سەرەتایی تێدا کراوە لە لایەن زانا (ڕالف سولیکی) بە پاڵپشتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار لەو کاتەدا، ئەم ھەڵکۆڵینەش تەواو نەکراوە و لە ئەنجامی ئەم ھەڵکۆلینەش چوار چین دۆزراوەتەوە.
دیتنەوەی کۆمەڵێک ئێسک و پێسکی مرۆڤەکانی نیاندەرتاڵ لە تۆی موستری ئەم ئەشکەوتە، وەک خاڵێکی گرینگ ڕەچاودەکرێ لە لێکولینەوەکانی چاخی کۆنی بەردی زاگرۆس و رؤژھەڵاتی ناوەڕاست. ئەم دۆزرانەوەیە ڕەنگ دانەوەیەکی زۆری بە دووای خۆیدا هێنا: تا ئەو ڕادەیە کە کێوی شانەدەر بۆ کۆنینەناسەکان و تەنانەت بؤ خەڵکی ئاسایی وەبیر ھێنەرەوەی نیاندەرتاڵەکان بووە و ھەیە. بەڵام دەسکەوتەکانی شانەدەر تەنیا تایبەت نیە بە ئاسەوارەکانی چاخی کۆنی بەردی. بڵاوبوونەوەی کتێبی«گٶڕستانی سەرەتای نوێ بەردی شانەدەر» لە لایەن سولکی و ھاوکارانی نیشان دەری ئەو ڕاستیەیە کە ئاسەوارە کۆنینەناسیەکانی دووای چاخی کۆنی بەردیش، زۆر شتی بۆ گوتن پێیە. ئەم کتێبە بریتیە لە دەسکەوتی لێکولینەوەی ئاسەوارەکانی گۆڕستانی تۆی (ب١)ی سەردەمی سەرەتای نۆی بەردی کە لە دوایین ڕۆژەکانی کۆتایی وەرزی ھەلقەندنی زانستی (١٩٦٠) لە ئەشکەوتی شانەدەر دۆزرایەوە.
گۆڕستانی ناو براو لە قٶڵایی یەک میتری لە بنی ئەشکەوتەکە بە درێژایی و پانایی٦×٦میتر لە لای سەرەوەی ئەشکەوتەکە دیتراوەتەوە کە لە ئەنجامی ئەم ھەلقەندنەدا ٢٦ گۆڕ بریتی لە جەستەی٣٥ مرۆڤ و پێشکەشی زۆر بۆ مردووەکان دۆزراوەتەوە.
مردووەکان زیاتر بە شیوەی گرمۆڵە و وەک منداڵ لەنێو زگی دایک دا نێژرابوون و زۆربەی ھەرە زۆریان منداڵی ساوا و منداڵی گەورەتر بوون. تەواوی مردووەکان لەسەر بەستینێک لە خۆڵەمێش و خەڵۆز ناشترابوون و تەواوی گۆڕستانەکە بە توێژیک لە گڵە سوورە و زیخی زەرد داپۆشرابوون. نزیک لە نیوەی گۆڕەکان پێشکەشی مردووانیان لە گەڵ بوو کە بریتین لە: شتی ڕازینەرەوە، ھێلکە شەیتان، کەرەسەی سازکراو لە ئیسکان، دەستاری بەردی و یەک ملوانکەی مسی. بوونی ئەم شتە مسیە، ڕەنگە نیشاندەری بوونی جۆرێک پیوەندی بازرگانی لە گەڵ ئاناتۆڵی بێت. ئەم کۆمەڵە ئێسکە مرۆڤە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٦٢ بە شێوەیەکی سەرەتایی لە لایەن «خوان مؤنیزاگا» لە مۆزەخانەی بەغدا لێکولینەوەیان لە سەر کرا. «دنیس فرەمباخ»، مرۆڤ ناسی لەش، لە سالی ١٩٦٩ بۆ دووەم جار بە سەر ئەم کۆمەڵە لاشەیەدا چووە کە ڕاپۆرتی ئەم لێکولینەوەیەی لە گۆڤاری «سومیر» بڵاوکرایەوە(١٩٧٠). «ئاناگنوستیس ئاگلاراکیس» ئەم لاشە مرۆڤانەی وەک بەشێک لە تیزی پلەی دۆکتۆرای خۆی ھەڵبژارد و ساڵی ١٩٨١ بە سەریان دا چووەوە و لێکولینەوەی لە سەریان کردەوە. ئاگلاراکیس لە لێکولینەوەکەی خۆی دا سەرنجی زیاتری دا بە خەسارناسی لاشەکان و بارنامەی خورد و خۆراکی مرۆڤەکانی شانەدەری لە گەڵ کۆمەلگەی سەرەتای نوێ بەردی «چیای خەزینە» ھەڵسەنگاند کە لە رؤژھەلاتی کرماشان بەدەس ھاتبوون. بە گوێرەی لێکولینەوەکانی ئاگلاراکیس، دانیشتوانی سەرەتای نوێ بەردی ئەشکەوتی شانەدەر لە سەردەمانێک دا تووشی گرفتی بژیوی ھاتوون و ئاسەواری ئەم کەم بژیویە لە سەر لاشەی منالەکان دەبینرێ. ئاسەواری سوانی زۆری ددانەکانی پێشەوەی مرۆڤەکان، تەنانەت لە لاشەی لاوەکان دا نیشانگەری بوونی خواردەمەنی وشک و میوەی توێکڵ دارە لە بەرنامەی بژیوی ئەو خەلکەدا.
تاقیکاری «ئیزوتوپ»ی ئەنجام دراو لە سەر «کلاژن»ی دەرھێنراو لە شەش لاشە، زانیاریەکی ڕوونترمان لە بەرنامەی بژیوی دانیشتوانی سەرەتای نوێ بەردی شانەدەر لە یازدە ھەزارساڵ پێشدا، دەخاتە بەردەم. بە گوێرەی ئەم دەسکەوتانە، گیای ڕووەک و میوە بەشی ھەرە زۆری خواردنی ئەوانە. بوونی ژمارەیەکی زۆر دەستاری بەردی، بوونی ئەم جۆرە بژیوویە کە بریتی لە گیا و نیوکی وشکی گیاکان بێت، رادەگەیینێت.
سەرەرای ئەوەی کە نزیک لە نیو سەدە لە نێوان ھەلقەندنی زانستی ئەم گۆڕستانە و بڵاو بوونەوەی ڕاپۆرتە زانستیەکەی جیاوازی ھەیە، بەڵام ئەم لێکولینەوانە زانستێکی شیاوی سەرنج و نوێ لە سەر بارودۆخی لەش، نەخۆشیەکان، جۆری بژیو، چۆنیەتی ئاسەوارە مادیەکان و تەنانەت بیر و بڕوای کۆمەڵگای سەرەتای نوێ بەردی ئەم بەشە لە زاگرۆس دەخاتە بەر دەم.
بڵاوکرانەوەی ئەم کتێبە لە سەر دەسکەوتەکانی ئەشکەوتی شانەدەر پێداگرتنێکی دووبارەیە لە سەر گرینگایەتی ئەم شوێنە لە ڕوانگەی لێکۆڵینەوەکانی کۆنینەناسی بەر لە مێژووی کوردستان. بێ شک دەسپێکردنی دووبارەی لێکوڵینەوەکانی کونینەناسی ئەم ئەشکەوتە بە کەڵک وەرگرتن لە تەکنیک و شێوازی مودێرن، بنچ و بنەوانە تاریکەکانی دیکەی ڕابردووی کوردستان ڕوون دەکاتەوە.
Comments
Post a Comment