چیرۆكی ئه‌و ژنه‌ی كه‌ بوو به‌ كۆیله‌ی‌ سێكسی

شاندرا ئووارانتۆ، ئه‌و كچه‌ لاوه‌ی كه‌ به‌ هیوای كاركردن له‌ هۆتێڵ چووبوه‌ ئه‌مریكا، به‌ڵام قاچاخچیه‌كانی مرۆڤ ئه‌ویان ناچار به‌ له‌شفرۆشی و كێشانی مادده‌ سڕكه‌ره‌كان كرد و ماوه‌یه‌كی زۆری خایاند هه‌تا بتوانێ قاچاخچییه‌كانی مرۆڤ بكێشێته‌ دادگا . .

 شاندرا چیرۆكی ژیانی خۆی به‌م شێوه‌یه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، به‌گوێره‌ی‌ بی‌ بی‌ سی‌ یه‌كه‌م هه‌فته‌ی مانگی ته‌مووزی‌ ساڵی ٢٠٠١ بوو كه‌ چوومه‌ ئه‌مریكا، بۆ من ئه‌مریكا نیشتیمانی به‌خت و ده‌رفه‌ت بوو و هه‌ر بۆیه‌ش كاتێك له‌ گومركی فڕۆكه‌خانه‌ی جۆن ئێف كه‌ندی  نیۆیۆرك تێپه‌ڕیم له‌وه‌ی كه‌ چوبوومه‌ ئه‌و وڵاته‌ نوێیه‌ خوشحاڵ  ببووم، هه‌رچه‌نده‌ له‌رێگای سینه‌ما و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌وه‌ ئه‌و وڵاته‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌رسووڕهێنه‌ر بۆ من ئاشنا ده‌هاته‌ پێش چاو.


كاتێك هه‌نگاوم نایه‌ هۆڵی چوونه‌ژووره‌وه‌ی‌ موسافیره‌كان ناوی خۆم بیست و كاتێك ئاوڕم دایه‌وه‌  پیاوێكم بینی كه‌ وێنه‌ی من له‌ ده‌ستی بوو. چاوه‌ڕوانیم ده‌كرد ئه‌و پیاوه‌ كه‌ ناوی جانی بوو من ببات بۆ ئه‌و هۆتێله‌ی كه‌ بڕیاربوو كاری تیدا بكه‌م.


ئه‌وه‌ی كه‌ هۆتێلی شوێنی كاری من له‌ شیكاگۆ بوو و من له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی جۆن ئێف كه‌ندی  كه‌ زیاتر له‌ هه‌زاران كیلۆمته‌ر مه‌ودای هه‌بوو له‌ شیكاگۆ دابه‌زیوم، ده‌ری ده‌خست كه‌ هه‌تا چ راده‌یه‌ك ساده‌ و بێ ئه‌زموون بووم. من كه‌ ته‌نیا ٢٤ ساڵ ته‌مه‌نم بوو هیچ بیرم نه‌كردبووه‌ كه‌ هه‌نگاوم له‌ چ رێگایه‌ك ناوه‌.


من دوای ئه‌وه‌ی خوێندنم له‌ بواری كاروباری ماڵی كۆتایی پێ هێنا، ماوه‌یه‌ك له‌ یه‌كێك له‌ بانكه‌كانی ئه‌ندۆنیسیا كارم كرد ، به‌ڵام دوای ده‌ستپێكردنی قه‌یرانی ئابووری ئاسیا و ناسه‌قامگیربوونی دۆخی سیاسی ئه‌ندۆنیسیا، كاره‌كه‌م له‌ ده‌ستدا.


چونكه‌ ده‌بوو تێجووی كچه‌ سێ ساڵه‌كه‌م دابین بكه‌م بیرم له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌شوێن كاردا بگه‌ڕێم، دوای بینینی چه‌ندین فۆرمی هه‌لی دامه‌زراندن له‌ هۆتێله‌كانی ژاپۆن، هونگ هۆنگ، سه‌نگاپوور و ئه‌مریكا، وڵاتی ئه‌مریكام هه‌ڵبژارد.


مه‌رجی دامه‌زراندنی من  هێندێك شاره‌زابوونی زمانی ئینگلیزی و دانی بڕی ٢٧٠٠ دۆلار بوو.


موچه‌ی پێشنیاركراوی مانگانه‌ی من ٥٠٠٠ دۆلار بوو كه‌ بۆ تێچووی ژیانی كچه‌كه‌م كه‌ بریار بوو له‌گه‌ڵ دایكم له‌ ئه‌ندۆنیسیا بمێننه‌وه‌ ته‌واو بوو.


چوون بۆ ئه‌مریكا
من له‌گه‌ڵ ٤ ژنی دیكه‌ هاوڕێ له‌گه‌ڵ پیاوێك له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی جۆن ئێف كه‌ندی دابه‌زین، جانی ئێمه‌ی كرده‌ دوو به‌شه‌وه‌ و هه‌موو كارتی پێناس و به‌ڵگه‌كانمی له‌گه‌ڵ پاسپۆرته‌كه‌م لێم وه‌رگرت و له‌گه‌ڵ دوو ژنی دیكه‌ سواری ئۆتۆمبێلێك بووین.



پاش ماوه‌یه‌ك، ئۆتۆمبیله‌كه‌ له‌ پاركێك رایگرت و جانی ئێمه‌ی سواری ئۆتۆمبێلێكی دیكه‌ كرد. سه‌رنجم دا كه‌ شۆفێره‌ نوێیه‌كه‌ بڕێك پاره‌ی راده‌ستی جانی كرد . لێره‌دا بوو كه‌ شك و گومانی من ده‌ستی پێكرد، به‌ڵام به‌خۆمم ده‌وت كه‌ نیگه‌ران مه‌به‌.


شۆفێره‌كه‌ی دیكه‌ش ئێمه‌ی زۆر دوور نه‌خسته‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی رێستورانیتَك داوای له‌ ئێمه‌ كرد كه‌ دابه‌زین و سواری ئۆتۆمبێلێكی دیكه‌ بین.  سێهه‌مین شۆفێر ئێمه‌ی برده‌ خانوویه‌ك و راده‌ستی كه‌سێكمانی كرد كه‌ چه‌كی پێ بوو. ئه‌و كه‌سه‌ به‌ زۆر ئێمه‌ی سواری ئۆتۆمبێلێك كرد و بردمانیه‌ خانوویه‌كی دیكه‌ له‌ برۆكلین.


كاتێك ده‌رگای ئه‌و خانووه‌ كرایه‌وه‌ كچێكی ١٢ هه‌تا ١٣ ساڵانم بینی كه‌ كه‌وتبووه‌ سه‌ر زه‌وی و له‌ كاتێكدا هاواری ده‌كرد خوێن له‌ لووتی ده‌هاته‌ خوار و چه‌ند پیاو به‌ نۆره‌ دابوویانه‌ به‌ر شه‌ق.


رۆژی دواتر جانی هات بۆ ئه‌و ماڵه‌و داوای لێبوردنی كرد كه‌ دوای جیابوونه‌وه‌مان چه‌ند رووداوی ناخۆش هاتووه‌ته‌ پێش و وتی بۆ دابین كردنی كارتی پێناس وێنه‌ ده‌گرین و دواتر بۆ كڕینی یۆنیفۆرمی تایبه‌ت به‌ هۆتێل شیكاگۆ ده‌چن بۆ بازار. دوای ئه‌و دیمه‌نه‌ پڕ له‌ كاره‌ساتانه‌  جانی وه‌كو فریشته‌یه‌ك هاته‌ پێش چاوم و متمانه‌م پێكرد.


ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ ئێمه‌ی بردبوو وێنه‌مان بگرێت ، دواتر ئێمه‌ی بۆ كڕینی یۆنیفۆرم برده‌ فرۆشگایه‌ك كه‌ جلی ژێره‌وه‌ی ژنانه‌ی ده‌فرۆشت و من هیچ كات ئه‌وانه‌م نه‌بینیبوو. ئێره‌ شوێنی فرۆشتنی یۆنیفۆرم نه‌بوو.


هه‌ست به‌ مه‌ترسی
تێگه‌یشتبووم كه‌ درۆیان له‌ گه‌ڵه‌م كردووه‌ و له‌ دۆخێكی مه‌ترسیدار كه‌وتووم. ته‌نانه‌ت له‌ بیرمه‌ كه‌ چاوم به‌ده‌ورووبه‌ری فرۆشگاكه‌دا ده‌گێرا تاكو بزانم شوێنێك هه‌یه‌ كه‌ بتوانم خۆم ده‌رباز بكه‌م؟ به‌ڵام ده‌ترسام و له‌ ئه‌مریكاش كه‌سم نه‌ده‌ناسی. دوو كچه‌كه‌ی دیكه‌ كه‌ له‌ گه‌ڵم بوو چێژیان له‌ كڕینی شته‌كان وه‌ر ده‌گرت.



رۆژی دواتر من له‌ گرووپی خۆم جیا كرامه‌وه‌ و ئیدی ئه‌و دوو كچه‌م نه‌بینییه‌وه‌. به‌ ئۆتۆمبێل منیان برده‌ خانوویه‌ك و له‌وێ ئه‌و قاچاخچیانه‌ی كه‌ منیان هێنابوو بۆ ئه‌مریكا ده‌ستدرێژییان كرده‌ سه‌رم.


ئه‌وان ئه‌ندونیسیایی، تایوانی، چینی ، مالیزیایی و ئه‌مریكایی بوون. ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و شه‌وه‌ زۆر بۆ من جێگای سه‌ر سووڕمان بوو ئه‌وه‌ بوو كه‌ جلی یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ لۆگۆی پۆلیسی پێوه‌ بوو و هه‌تا ئێستاش نه‌مزانی كه‌ ئایا به‌ڕاستی ئه‌و پیاوه‌ پۆلیس بووه‌ یان نا.


به‌ منیان وت كه‌ ٣٠ هه‌زار دۆلار قه‌رزداری ئه‌وانم و له‌جیاتی هه‌ر جار سێكس كردن له‌گه‌ڵیان ١٠٠ دۆلاری  كه‌م ده‌بێته‌وه‌. منیان برده‌ ناوه‌نده‌كانی له‌ش فرۆشی، هۆتێل و كازینۆ جۆراوجۆره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌مریكا ، به‌ڵام به‌ كه‌می دوو رۆژ له‌ شوێنێك ده‌مامه‌وه‌ و هیچ كات نه‌مده‌زانی له‌كوێم و یان به‌ره‌و كوێم ده‌به‌ن.


قاچاخچییه‌كان به‌ زه‌بری‌ چه‌ك منیان ناچارده‌كرد كه‌ مادده‌ی‌ سڕكه‌ر به‌كار بێنم و ره‌نگه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ش ببوه‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و هه‌موو سه‌ختییه‌دا به‌رگه‌بگرم. شه‌و و رۆژ بیره‌ و شه‌رابم ده‌خوارده‌وه‌.


هه‌ر رۆژه‌ به‌ دیار مشته‌رییه‌وه‌ داده‌نیشتین و ئه‌گه‌ر مشته‌ری نه‌بوایه‌ قاچاخچیه‌كان خۆیان ده‌ستدرێژییان ده‌كرده‌ سه‌رمان.


سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و رووداوانه‌، تاسابووم و نه‌مده‌توانی بگریم. له‌كاتێكدا خه‌م‌و تووڕه‌یی و بێ هیوایی باڵی به‌سه‌ر ژیانمدا كێشابوو، ئه‌و كارانه‌یان كه‌ پێم ده‌سپارد جێبه‌جێم ده‌كرد و به‌ سه‌ختی بۆ مانه‌وه‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لام ده‌دا. دیمه‌نی لێدانی ئه‌و كچه‌م له‌ بیر نه‌كردبوو و ده‌مبینی كه‌ قاچاخچییه‌كان چۆن ئه‌و ژنانه‌یان كه‌ حازر نه‌بوون له‌شفرۆشی بكه‌ن ده‌دایه‌ به‌ر لێدان و كوتان.
زۆربه‌ی شه‌وه‌كان دوای نیوه‌ شه‌و یه‌كێك له‌ قاچاخچییه‌كان منی -كه‌ وه‌كوو شاژنێك جلی رازاوه‌م له‌به‌ر كردبوو- به‌ ئۆتۆمبێل ده‌برده‌ یه‌كێك له‌ گازینۆكان. پارێزه‌ری من كه‌ چه‌كداریش بوو منی له‌ ده‌رگای تایبه‌ت به‌ كارمه‌ندانی هۆتێله‌وه‌ ده‌برده‌ ژووری تایبه‌ت به‌ مشترییه‌كان. هه‌ر ٤٥ خوله‌ك جاریك له‌ ژووری مشته‌رییه‌كه‌وه‌ ده‌چوومه‌ ژووری مشته‌رییه‌كی دیكه‌. ئه‌م كاره‌ هه‌ر شه‌و دووپات ده‌كرایه‌وه‌ و له‌ ئه‌و ماوه‌یه‌دا پارێزه‌ری من له‌ رێره‌وی هۆتێله‌كه‌ ده‌مایه‌وه‌، نه‌وه‌كو رابكه‌م.



پیاوانی لاو و پیر و خوێندكاران مشته‌رییه‌كانی من بوون. بۆ ٤٥ خوله‌ك ئه‌وان ده‌بوونه‌ خاوه‌نی من و من ده‌بوو هه‌ر فه‌رمانێكیان دابا جێبه‌جێم كردبایه‌ هه‌تا نه‌كه‌ومه‌ به‌ر لێدان و كوتان. له‌ بواری جه‌سته‌ییه‌وه‌ لاواز بووم و قاچاخچییه‌كان ته‌نیا سوپ و برنجیان به‌ من ده‌دا  زیاتر به‌ هۆی مادده‌ سڕكه‌ره‌كانه‌وه‌ خۆم راگرتبوو.


ده‌فته‌ریكی بیره‌وه‌رییه‌كانم هه‌بوو كه‌ به‌تێكه‌ڵ كردنی زمانه‌كانی ئه‌ندونیسیایی، ژاپۆنی و هێما و ئاماژه‌كان هه‌وڵم ده‌دا ئه‌و رووداوانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی رۆژدا به‌سه‌رم ده‌هات له‌وی بینووسمه‌وه‌. ئه‌وه‌ی كه‌ چیم كردووه‌، بۆ كوێ رۆیشتووم و  چه‌ند كه‌س ده‌ستدرێژییان كردووه‌ته‌سه‌رم. رێكه‌وته‌كانیشم ده‌نووسی  كه‌ هه‌ڵبه‌ت كارێكی ئه‌سته‌م بوو، چونكه‌ له‌ نێو گازینۆكان ئه‌سته‌م بوو بزانم شه‌وه‌ یان رۆژ.


بڕیاری هه‌ڵهاتن
رۆژێك كه‌ له‌گه‌ڵ كچێكی ته‌مه‌ن ١٥ ساڵ به‌ ناوی نینا رۆیشتبووینه‌ یه‌كێك له‌ ناوه‌نده‌كانی له‌شفرۆشی له‌ برۆكلین، سه‌رۆكی ئه‌و ناوه‌نده‌ كه‌ ژنێكی مێهره‌بان و دڵسۆز بوو، ژماره‌ی پیاوێكی به‌ ئێمه‌دا  وتی ئه‌گه‌ر رۆژێك توانیتان خۆتان له‌م دۆخه‌ رزگاربكه‌ن ئه‌و پیاوه‌ ده‌توانێ كارێكی ئابڕومه‌ندانه‌تان بۆ بدۆزێته‌وه‌ و دواتر ده‌توانن پاره‌ كۆ بكه‌نه‌وه‌ و بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌ندونیسیا.



چه‌ند رۆژ دواتر من و نینا توانیمان له‌ریگای ده‌لاقه‌ی ئاوده‌سته‌كه‌وه‌ كه‌ ئاوه‌ڵا بوو هه‌ڵبێین و و دواتر په‌یوه‌ندیمان به‌و پیاوه‌وه‌ كرد كه‌ ژماره‌كه‌یمان لابوو.


ئه‌و پیاوه‌ هات بۆ لامان و ئێمه‌ی برده‌ هۆتێلێك و وتی چاوه‌ڕوان بن هه‌تا كارێكتان بۆ بدۆزمه‌وه‌. ئه‌و چاودێری له‌ئێمه‌ ده‌كرد و خۆراك و جلو به‌رگیشی بۆمان دابین ده‌كرد. به‌ڵام دوای چه‌ند هه‌فته‌یه‌ك هه‌وڵی دا كه‌ ئێمه‌ ناچار بكات له‌گه‌ڵ پیاوانی نێو هۆتێله‌كه‌ بخه‌وین . كاتێك حازر نه‌بووین ئه‌و كاره‌ بكه‌ین زه‌نگی بۆ جانی لێدا هه‌تا بێت و ئێمه‌ بباته‌وه‌. ده‌ركه‌وت كه‌ ئه‌ویش یه‌كێك له‌و قاچاخچیانه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌و ژنه‌ی كه‌ له‌ ناوه‌ندی له‌شفرۆشی برۆكلین كاری ده‌كرد ، هاوده‌سته‌ و هاوكاری ده‌كات.


به‌ڵام پیش له‌ هاتنی جانی من توانیم هه‌ڵبێم و خۆم بگه‌یه‌نم به‌ بازگه‌یه‌كی پۆلیس و چیرۆكه‌كه‌م بۆیان گێرایه‌وه‌. به‌ڵام پۆلیسه‌كه‌ باوه‌ڕی‌ به‌قسه‌كانی من نه‌كرد و سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ نه‌ پاره‌م پێ بوو و نه‌ كارتی پێناس منی به‌ حاڵی خۆمه‌وه‌ جێهێشت.


دوای ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌ردانی باڵوێزخانه‌ی ئه‌ندۆنیسیام كرد و بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی پاسپۆرت و به‌ڵگه‌نامه‌كام داوای هاوكاریم كرد، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ده‌مزانی كه‌ له‌ بالوێزخانه‌ ژوورێك هه‌یه‌ كه‌ له‌ كاتی پێویستدا ده‌توانی له‌وێ بنوی، به‌ڵام ئه‌وانیش هاوكارییان نه‌كردم.


وێڵ بوون له‌ شه‌قامه‌كانی نیۆیۆركدا
ناچار بووم كه‌ شه‌وانه‌ له‌ شه‌قامه‌كان یان مێترۆكانی نیۆیۆرك بمێنمه‌وه‌ و بۆ پاره‌ی خۆراك سواڵ بكه‌م. هه‌ر كات كه‌سیك گوێی بۆ قسه‌كانی من راده‌گرت، چیرۆكی ژیانی خۆم بۆی ده‌گێڕایه‌وه‌ و ده‌موت له‌م نزیكانه‌دا خانوویه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ژنان له‌وی زیندانین و پێویستییان به‌ یارمه‌تییه‌.



رۆژێك پیاوێك كه‌ خۆی ده‌یوت ناوی "ئه‌دی" یه‌ خۆراكی بۆم كڕی. ئه‌و مه‌له‌وانێكی خه‌ڵكی ئۆهایۆ بوو كه‌ له‌ پشوودا بوو، كاتێك چیرۆكی ژیانی خۆمم بۆ گێرایه‌وه‌ داوای له‌من كرد كه‌ رۆژی دواتریش هه‌ر له‌و شوێنه‌ بیبینمه‌وه‌.


رۆژی دواتر ئه‌دیم بینی و به‌ منی وت له‌لایه‌ن تۆوه‌ له‌گه‌ڵ پۆلیسی ئێف بی ئای قسه‌م كردووه‌ و ئه‌وانیش په‌یوه‌ندییان به‌ پۆلیسی ئه‌و ناوچه‌وه‌ كردوه‌. ده‌بوو هه‌ر ئه‌و كات خۆمان بگه‌یه‌نین به‌و بنكه‌یه‌ی پۆلیس هه‌تا بتوانن یارمه‌تیمان بده‌ن.


دوو لێكۆڵه‌ر به‌ وردی پرسیاریان له‌من كرد، من ده‌فته‌ری بیره‌وه‌رییه‌كانم كه‌ ورده‌كارییه‌كان و شوێنی ناوه‌نده‌كانی له‌شفرۆشیم تێدا نوسیبوو نیشانیان دا، ئه‌وان په‌یوه‌ندییان به‌ كۆمپانیای فڕۆكه‌وانی و ئیداره‌ی په‌نابه‌رانه‌وه‌ كرد هه‌تا له‌ من دڵنیا ببنه‌وه‌.


دواتر داوایان له‌ من كرد له‌گه‌ڵ ئه‌وان بڕۆین بۆ برۆكلین هه‌تا هاوڕێكانم رزگار بكه‌ین.


ئێستا له‌ كاتی ده‌ستبه‌سه‌ركردنی قاچاخچییه‌كان چێژ ده‌بم ، به‌ڵام ئه‌و كات به‌په‌رۆش بووم و ده‌ترسام له‌وكاته‌ی‌ پۆلیسه‌كان ده‌چنه‌ نێو بیناكه‌وه‌، ئه‌و شه‌وه‌ هیچ رونه‌دات، له‌وه‌ ده‌ترسام كه‌ وا بیر بكه‌نه‌وه‌ كه‌ درۆم له‌گه‌ڵیان كردووه‌ و بمخه‌نه‌ زیندانه‌وه‌.


دوای گه‌یشتن به‌و شوێنه‌، توانیم له‌ پشتی په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ جانی و ئه‌و كچانه‌ی كه‌ له‌وێ كاریان ده‌كرد ببینم. سێ ژن دیار بوون كه‌ یه‌كێكیان نینا بوو. هیچ كات ئه‌و دیمه‌نانه‌ی كه‌ ئه‌و ژنانه‌ له‌شیان رووت بوو و ته‌نیا خاولییه‌ك له‌سه‌ریان بوو و له‌ بیناكه‌ ده‌هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌یاد ناكه‌م، هاوڕێیانی من ئازادییان به‌ ده‌ست هێنابوو و سه‌مایان ده‌كرد و له‌ خوشحاڵیدا ده‌یانقیڕاند.
جانی و دوو پیاوی دیكه‌ كه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كران له‌ئاكامدا وه‌كوو تاوانبار ناسێندران.



ته‌قه‌لای گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ژیانی ئاسایی
به‌ڵام من بۆ سارێژی زامه‌كانم هێشتا پێویستم به‌ كات هه‌بوو. پۆلیسه‌كانی ئێف بی ئه‌ی منیان به‌ ناوه‌ندێك كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ قوربانیانی ئه‌زیه‌ت و ئازاری ره‌گه‌زی ناساند. كارمه‌ندانی ئه‌و دامه‌زراوه‌ توانییان كاره‌كانم رێك بخه‌ن هه‌تا به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی له‌ ئه‌مریكا بمێنمه‌وه‌ و كار بدۆزمه‌وه‌.



من ده‌متوانی بگه‌ڕێمه‌وه‌ ئه‌ندۆنیسیا و له‌ ته‌نیشت بنه‌ماڵه‌كه‌م بمێنمه‌وه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم دژ به‌ قاچاخچییه‌كان شایه‌تی بده‌م، ده‌بوو له‌ ئه‌مریكا بمێنمه‌وه‌. ئه‌و ره‌وته‌ چه‌ندین ساڵی كێشا.


قاچاخچییه‌كان له‌ ئه‌ندۆنیسیا بۆ دۆزینه‌وه‌ی من به‌شوێن ئادره‌سی ماڵی دایكم ده‌گه‌ڕان و هه‌ربۆیه‌ش دایكم و كچه‌كه‌م ناچار بوون خۆیان بشارنه‌وه‌. مه‌ترسییه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆر بوو له‌سه‌ریان كه‌ حكومه‌تی ئه‌مریكا هاوكاریمی كرد كه‌ كچه‌كه‌م بێت بۆ ئه‌مریكا و له‌ئاكامدا ساڵی ٢٠٠٤ كچه‌كه‌م گه‌یشته‌ لای من.


به‌ هۆی ئه‌و یارمه‌تیانه‌ی كه‌ پێشكه‌ش به‌ حكومه‌تی ئه‌مریكام كردبوو، ساڵی ٢٠١٠ وه‌كوو خه‌ڵاتێك مۆڵه‌تی مانه‌وه‌ی هه‌میشه‌ییان له‌و وڵاته‌ به‌ من دا.


ئێستا ١٥ ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و ریكه‌وته‌ی كه‌ هاتمه‌ ئه‌مریكا تێده‌په‌ڕێت. ئێستا كوڕێكی ٩ ساڵانیشم هه‌یه‌. بڕیارم داوه‌ كه‌ بۆ رزگاركردنی قوربانیانی قاچاخچی مرۆڤ له‌ هیچ هاوكارییه‌ك درێغی نه‌كه‌م و هه‌ربۆیه‌ش ریكخستنێكم به‌ ناوی "منتاری" رێك خستووه‌ كه‌ هاوكاری ئه‌و قوربانیانه‌ بكه‌م هه‌تا بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ نێو كۆمه‌ڵگا و كار بدۆزنه‌وه‌.


 ساڵانه‌ قاچاخچییه‌كانی مرۆڤ له‌نێوان ١٧ هه‌تا ١٩ هه‌زار كه‌س به‌شێوه‌یه‌كی نایاسایی دێننه‌ ئه‌مریكاوه‌
من له‌ كڵێساكان، قوتابخانه‌كان و زانكۆ و ناوه‌نده‌ حكومه‌تییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌كانم قسه‌ده‌كه‌م. ماوه‌یه‌ك پێش ئێستا داوام له‌ سیناتۆره‌كانی ئه‌مریكا كرد كه‌ یاسایه‌ك په‌سه‌ند بكه‌ن به‌پێی ئه‌و یاسایه‌ ئه‌و كرێكاره‌ بیانیانه‌ی كه‌ دێنه‌ ئه‌مریكا ده‌بێ له‌مافه‌كانی خۆیان به‌ئاگا بن و بۆ دامه‌زراندنیان پاره‌ نه‌ده‌ن و له‌سه‌ر مووچه‌ و دۆخی مانه‌وه‌یان له‌ ئه‌مریكا راستییه‌كانیان پێ بوتریت. خوشحاڵم له‌ ئێستادا یاسا گۆڕاوه‌ و ئه‌و ئاژانسانه‌ش كه‌ كاریان دۆزینه‌وه‌ی كرێكاره‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ، ده‌بێ پێش ده‌ستپێكردنی چالاكی، له‌ وه‌زاره‌تی كاری ئه‌مریكا تۆمار بكرێن.



له‌ ساڵی ٢٠١٥ داوایان له‌ من كرد كه‌ ببمه‌ ئه‌ندامی شوورایه‌كی راوێژكاری كه‌ كاری یارمه‌تیدان به‌ قوربانیانی قاچاخچی مرۆڤ بوو و بۆ یه‌كه‌مین جار مانگی ته‌مووز له‌ كۆشكی سپی توانیم ئه‌ندامانی ئه‌و شوورایه‌ ببینم.


ئێمه‌ ده‌بێ خه‌ڵكی ئه‌مریكا وریا بكه‌ینه‌وه‌، كێشه‌كه‌ لیره‌دایه‌ كه‌ خه‌ڵك هێشتا به‌ چاویی له‌شفرۆش له‌و ژنانه‌ ده‌ڕوانن كه‌ بوونه‌ته‌ قوربانی و له‌ روانگه‌ی ئه‌وانه‌وه‌ كرێكارانی ره‌گه‌زی قوربانی نین ، به‌ڵكوو كه‌سانێكن كه‌ تووشی تاوان بوون و هه‌ڵه‌یان كردوووه‌. له‌ شاره‌ گه‌وره‌كان خه‌ڵك تاوانی جۆراوجۆر له‌پیش چاو ناگرن.


هێشگا له‌گه‌ڵ نینا كه‌ ئێستا ٣٠ ساڵانه‌ هاوڕێی نزیكین و ژماره‌ی‌ ته‌له‌فوونی ئه‌دی ، ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ له‌ زمانی منه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئێف بی ئه‌ی قسه‌ی كردبوو، هه‌تا ئه‌م دواییانه‌ هه‌بوو.


له‌ساڵی ٢٠١٤ له‌سه‌روبه‌ندی‌ كریسمه‌سدا بوو كه‌ په‌یوه‌ندیم پێوه‌كرد  هه‌تا سه‌باره‌ت به‌و رووداوانه‌ی كه‌ بۆم هاتوونه‌ته‌ پێش ئاگاداری بكه‌مه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و قسه‌كانمی بڕی و وتی هه‌موو چیرۆكه‌كه‌تم خوێندووه‌ته‌وه‌ و په‌یگیری بووم و له‌وه‌ی كه‌ توانیوته‌ ژیانێكی نوێ ده‌ست پێ بكه‌یت خوشحاڵم. ئه‌دی وتی :" هیچكات بیر له‌وه‌ مه‌كه‌وه‌ كه‌ سوپاسی من بكه‌یت، هه‌موو ئه‌م كارانه‌ خۆت كردووته‌."


به‌ڵام ، ئه‌دی من سوپاسی تۆ ده‌كه‌م كه‌ ئه‌و رۆژه‌ له‌ پاركدا گوێت بۆ قسه‌كانم راگرت و هاوكاریمت كرد هه‌تا ژیانم سه‌ر له‌نوێ ده‌ست پێ بكه‌مه‌وه‌.

خەندان

Comments